پێشەکیی مامۆستا عەبدوڵڵا سەمەدی

لە کتێبی:
فەرهەنگی ژیان
بەرهەمی:
عەبدوڵڵا سەمەدی
 9 خولەک  233 بینین

زمان گرینگترین دیاردەی ژیانی کەسی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤە و وەکی زیندەوەرێک لە درێڕەی کات و زەماندا ئاڵوگۆڕی بە سەردا دێ. ئەو ئاڵوگۆڕە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە گۆڕانی باری ژیان و نیاز و پێداویستییەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگاوە هەیە.

سەرەکیترین دەوری زمان لە سەر شانی وشەیە. مرۆڤ هەر لە کۆنەوە بەو گرینگییەی زانیوە و لە کتێبە پیرۆزەکانیدا پەنجەی لە سەر داناوە. لە ئینجیلدا هاتووە کە: «سەرەتا وشە بوو. وشە لە لایەن خواوە بوو. هەر خۆی خوا بوو. هەر دوو لە ئەزەلەوە ئاوێتە بوون. هەموو شتێک لەوڕا دەستی پێ کرد. بە بێ ئەو هیچ شتێک نەهاتە ئافراندن». زۆربەی کتێبە ئاسمانییەکانی تریش ئاماژەی لەم بابەتەیان تێدایە، کە گرینگیی وشە نیشان دەدا و دەریدەخا کە پێوەندییەکی قووڵ و ڕەسەنی هەیە لەگەڵ ژیانی مرۆڤ و جموجۆڵە فکری و کۆمەڵایەتییەکانی.

لە سەدەکانی ڕابردوودا زمان تەنیا پێوەندییەکی ڕۆژانەی ناو ماڵ و کوچە و بازاڕ بوو؛ لە ناو تاقمێکی بچووکی خوێندەواریش لە حوجرە و دیوەخاندا زمانی شێعر و ئەدەب و هەندێ حیساباتی سادە بوو. دەوری زمان لە سەردەمی ئێمەدا بە تەواوی لەگەڵ سەردەمانی پێشوو جیاوازە. زمانی سەردەمی ئێمە ئیدی پێوەندییەکی ئاسایی ڕۆڕانە نییە. زمانی دەیان زانستی جۆراوجۆرە کە هەرکامیان دەیان لکوپۆپی تری لێ جوێ دەبێتەوە. زمانی گەلێک زاڵە کە زانست و داهێنان و تەکنیکی هەیە. ئەو زانست و تەکنۆلۆژییە بە هۆی ئەو پێوەندییە چڕوپڕانەی کە کەس ناتوانێ خۆی لێ ببوێرێ، دەڕوا و بە جیهاندا بڵاو دەبێتەوە و سەر بە کوێرەدێیەکانیشدا دەکا. ئەمانە هەرکام کۆڵێک وشە و زاراوەی تایبەت لەگەڵ خۆیان دەبەن کە دوای ماوەیەکی کورت جێگەی خۆیان لە ناو زماندا دەدۆزنەوە و وەکی وشەیەکی ڕەسەنی زمانەکە کەڵکیان لێ وەردەگیرێ. وشە و زاراوەکانی سەر بە کارەبا، موبایل، کۆمپیوتێر، داودەرمان و کەرەسەکانی پزیشکی، سنووری زمان و وڵاتانیان شکاندووە. ئەگەر دوێنێ لەگەڵ زمانی نەتەوەیەکی جیران سەد وشەی هاوبەشمان بووبێ، ئەمڕۆ لەگەڵ شارۆچکەی وڵاتێکی ئەفریقی پتر لە هەزار وشەی هاوبەشمان هەیە. ئەو نەتەوانەی زانست و تەکنۆلۆژی وەردەگرن، ناچارن وشە و زاراوەی بێگانەش وەرگرن. کەوایە پەرەپێدانی زمان، پێوەندی بە زانست و تەکنیکەوە هەیە. یانی لە سەردەمی ئێمەدا گەلێک زمانی زاڵە، کە خاوەنی زانست و داهێنانە.

زانستی هاوبەش لە جیهانی ئێستاماندا، بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی وشەی هاوبەش. ئەم وشانە نەتەنیا هیچ زیانێک بە هێمی زمان ناگەیەنن، بەڵکوو لە حەسار و بنبەستیان ڕزگار دەکەن و ڕێگای گەشە کردن و بەرەو پێشچوونیان بۆ خۆش دەکەن. زمان بە مەرجێک ڕەسەن و پەتی دەمێنێتەوە، کە دەرگا لە سەر خۆی دابخا و هەموو پێوەندییەکانی لەگەڵ دنیا بپچڕێنێ. پەتیبوون و ڕەسەنایەتی، بۆ زمان نە شانازییە و نە پێویست. زمان ئامرازی پێوەندییە. ئەوەی بۆ زمان پێویستە و جێی شانازییە، ئەوەیە کە بە کورتترین ڕێگادا بتوانێ هزر و بیر و ماناکان دروست و تەواو ڕاگوێزێ. ئەوە بەو مانایە نییە کە بە سووکی چاو لە نەغدینەی زمانەکەمان بکەین و قەدری وشە پەتی و خۆماڵییەکان نەگرین. بەپێچەوانەوە، ئەشێ وەک گەنجینە و میرات لێیان بڕوانین و بە تایبەت ئەدەبی فولکلۆر و زارەکیمان بە وردی بپشکنین و ئەوانەی کە تۆزیان لە سەر نیشتووە، بیانهێنینەوە گەڕ و دەکاریان بکەین. بێگومان هەندێکیشیان توانایی ئەوەیان هەیە باری مانایی تازە هەڵگرن و لە وشەی داتاشراو و خوازراو بێنیازمان بکەن.

تەجرەبە نیشانی داوە کە مامەڵەی ناسیۆنالیستانە لەگەڵ زمان، ئاکامی دروستی لێ ناکەوێتەوە. هەر چەشنە هەڵسوکەوت و دەستکارییەکی زمان ئەشێ لە ڕێگەی زانستی زمانەوانییەوە بێ. ئەوە شارەزایییەکی تایبەتە و دەبێ پسپۆڕی خۆی دەستی بۆ بەرێ. دارێکی زیندوو خۆی باش دەزانێ کەی گوڵ دەرکا، کەی بیوەرێنێ، لە کوێ چرۆ دەرکا، کام لک وشک و کامەیان پەروەردە و بە هێز بکا. ئەگەر بێتو باغەوانێکی پسپۆڕ و شارەزاشی چاوەدێر بێ، ئەوە بەجارێک لە غەم دەخەلسێ و دوو هیند پتر گەشە دەکا. زمان وەک پڕ ڕەمز و ڕازترین دیاردەی ژیانی ئادەمیزاد، ئەگەر لە ژێر چاوەدێریی پسپۆڕ و شارەزای خۆیدا بێ، دەتوانێ گرفتەکانی خۆی بە جوانترین شێوە چارەسەر بکا. توانایی «وشەی تازە ساز کردن» بە ڕادەی جیاواز لە هەموو زمانێکدا هەیە، بەڵام زمان تا کاراتر بێ، ئەو توانایییەی لە سەرترە. پێشگر و پاشگر و نێوگرەکان بە یارمەتیی چاوگ و ڕیشەکان دەتوانن وشە و زاراوەی نوێ بخولقێنن. هەروەها لە ڕێگەی «ئیشتیقاق» و «تەرکیب»ەوە پێداویستییەکان دابین دەکرێ و مەیدانی وشە بەرفراوانتر دەبێ.

گواستنەوەی بەجێ و شارەزایانە هیچ عەیبی تێدا نییە و بۆشایییەکان بە جوانترین شێوە پڕ دەکاتەوە و توانایی بە زمان دەبەخشێ. زمان ئەگەر لەگەڵ زمانانی تر لە سەودا و ئاڵوگۆڕدا نەبێ، بەرەو لاوازی و نەمان دەڕوا. وشەی «میلیۆن» و «سەماوەر» لە زۆربەی زماناندا دەکار دەکرێن و بە موڵکی هەمووان دەژمێردرێن. «ئەلکترۆن» و «پرۆتۆن» و سەدان وشە و زاراوەی فیزیک وەک چۆن ناسراون، بە هەمان شێوە وەردەگیرێن. «خێراکار» و «وێنەگوهێز» و «پرزۆڵە» نەک هەر لە باری مانایییەوە ناتوانن جێگای «کۆمپیۆتێر» و «تەلویزیۆن» و «ئەتۆم» بگرنەوە، بگرە زمانیش سەقەت دەکەن. سەدان زاراوەی زانستی لە بەشە جۆراوجۆرەکانی زانستدا هەن کە پێویستییان بە وشە داتاشین نییە و داتاشینیان نەتەنیا سوودێکی بۆ زمان نییە، بەڵکوو زیانیشی پێ دەگەیەنێ.

یەکێک لە ڕێگاکانی خزمەت بە زمان، نووسینی فەرهەنگی وشەیە. لە فەرهەنگدا وشەکانی زمانێک کۆ دەکرێنەوە و شێوەی بە دەمداهاتنیان تۆمار دەکرێ، باری ڕێزمانییان دیاری دەکرێ، ڕەگەزیان دەستنیشان دەکرێ کە سەر بە چ زمانێکن، ڕاڤە دەکرێن و وشەگەلی هەمبەر و هاومانایان لە هەمان زمان یا زمانانی ترەوە لە بەرامبەر دادەنرێ. ئەوە گرینگترین ئەرکە لە ئاست زمانی نەتەوەیەکدا. بەختەوەرترین و بەربڵاوترین زمانەکانی جیهان کە خاوەنی سەدان فەرهەنگن، هێشتا لە نووسینی فەرهەنگی تازە بێنیاز نین. عەڕەبی و ئینگلیسی بە مێژوویەکی دوور و درێژی فەرهەنگنووسییەوە، هێشتا فەرهەنگی نوێ دەخوازن و ساڵانە شاهیدی چەندین فەرهەنگی تازەین لەم زمانانەدا. فەرهەنگ یا وشەنامە، پاڵپشتی بەهێزی زمانە.

شێوە و تەکنیکی فەرهەنگنووسی لە درێڕەی زەماندا، گۆڕان و بەرەوپێشچوونی زۆری بەخۆوە بینیوە. ئەگەر چەند سەد ساڵ لەمەوبەر ژمارەیەک وشەیان بۆ فێرکردنی فارسی یا عەڕەبی، بە شێعر دەهۆندەوە، هەرچەند بۆ ئەو سەردەم بەسوود و کارساز بوو، ئێستا چوارچێوەی پێناسەکراو و قانوون و ستانداردی دیاریکراوی خۆی هەیە و ئەشێ بە وردی وەبەرچاو بگیرێ. فەرهەنگە ستانداردەکانی سەردەم، ئیدی تاکەکەسی نین و لە لایەن لێژنەی تایبەتەوە دەنووسرێن و ساڵانە ئاڵوگۆڕیان بە سەردا دێ و ئەکادیمیاکان سەرپەرشتییان دەکەن.

فەرهەنگە کوردییەکان، لەم چەند ساڵەی دواییدا نەبێ، کە هەندێکیان کەم و زۆر نیمچە ستانداردێکیان هەیە، ئەم بارودۆخەیان بۆ نەڕەخساوە کە بە تەواوی تەکنیکی ڕۆژیان بۆ وەبەرچاو بگیرێ و ڕەنگە جارێ بەم زووانەش ئەو دەرفەتە نەڕەخسێ. کورد هێشتا خاوەنی فەرهەنگێک نییە کە هەموو دیالێکت و بنلەهجە و زاراوە و شێوەزارەکانی زمانی کوردی گرتبێتە خۆ. نزیک بە سەرجەمی فەرهەنگە کوردییەکان کاری تاکەکەسن، کە بە پێوەندی لەگەڵ نووسەرەکەی، شێوەیەکی زمانی کوردییان تێدا زاڵە و لەو شێوەیەشدا سەدان وشە لە بیر چووە و لە قەڵەم کەوتووە. ئەوە بەو مانایە نییە کە فەرهەنگە کوردییەکان بێبایەخ یا کەمبایەخ بن. لە ساڵی ١٦٨٢وە کە یەکەم فەرهەنگی کوردی لە لایەن ئەحمەدی خانی بە ناوی «نوبەهار» بە شێعر بۆ منداڵان نووسرا، تا ٢٠١٥ و فەرهەنگی حازری، کە مەودایەکی ٣٣٣ ساڵەی بڕیوە، هەر ئەو هەوڵە تاکەکەسییە ناتەواوانە، گەنجینەیەکی نزیکەی سێسەد فەرهەنگیان بە پتر لە بیست زمان، لە لەهجە جۆراوجۆرەکانی زمانی کوردی وەک: کرمانجی، سۆرانی، زازاکی، کەلهوڕی، هەورامی، شەبەک، ئەردەڵانی، موکریانی، و... پێک هێناوە کە باشترین دەستمایە و پشتیوانی داهاتوویە بۆ ڕۆنانی فەرهەنگی گەورەی زمانی کوردی. لەم بارودۆخە نالەبارەی زمانی کوردیدا، بچووکترین فەرهەنگەکانیش ڕێز و گرینگیی خۆیان هەیە و بە سووکی چاویان لێ ناکرێ.

لە فەرهەنگی حازریشدا، هەرچەند نووسەر هەوڵی داوە لە ئەزموونەکانی پێشوو کەلک وەرگرێ و بەپێی توانایی کەموکووڕییەکان چارەسەر بکا، کەچی سەبارەت بەوە کە کاری تاکەکەسە و لە لایەن لێژنەیەکی پسپۆڕ و ناوەندێکی زانستییەوە چاوەدێری نەکراوە، لەوانەیە گەلێک ڕەخنە و تێبینیش هەڵگرێ. بەڵام تا گەیشتن بەو بارە لەبارەی کە ئارەزوومانە و هەوڵی بۆ دەدەین، ناکرێ دەست لە سەر دەست و چاوەڕوان دانیشین. ڕاستە بەڕێز عەبدوڵڵا عەبدوڵڵازادە پێنج ساڵی کار لە سەر ئەم فەرهەنگە کردووە، بەڵام لانی کەم لە دوو پێنج ساڵ لەمەوبەریشەوە ئاگاداری هەوڵ و کۆششەکانی لەم پێیەدا هەم، کە وەک خولیا و ئارەزوویەک گەڵاڵەی بۆ فەرهەنگێکی ئینگلیسی - کوردی دادەڕشت و لێی دەدوا و پرسیاری دەکرد. ئەستوونی سێیەمی ئەم فەرهەنگە کە لیستەی هاولفی فارسییە، بەتایبەت لەم بەشەی کوردستاندا کە خوێندن بە زمانی فارسییە، یارمەتییەکی پتر دەداتە خوێنەر. ئارەزووی سەرکەوتنی زیاتر بۆ مامۆستا عەبدوڵڵازادە دەخوازم و هیوادارم لە سەر خزمەتی بەکەلکی بەردەوام و هەنگاوەکانی دواتری قورس و گرانتر بێ.